دیدارێکی فیکری و زانستی لە لقی سلێمانی ژیار بەڕێوەچوو.
دیدارێکی فیکری و زانستی لە لقی سلێمانی ژیار بەڕێوەچوو.
بەشی گەنجانی لقی سلێمانی ژیار بۆ پەروەردە و گەشەپێدانی مرۆیی، ڕۆژی شەممە، ٢ی جەمادی دووەمی ١٤٤٧ی کۆچی، هاوکات لەگەڵ ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ زاينى، دیدارێکی فیکری و زانستی بە ناونیشانی "ئەو کاتەی کە مسوڵمانان پێشەنگی جیهان بوون" بەڕێوەبرد. دیدارەکە کاتژمێر ٩:٠٠ی سەر لە بەیانی بە خوێندنی چەند ئایەتێکی قورئانی پیرۆز لەلایەن کاک “بیلال نەجمەدین” دەستیپێکرد. پاشان “م. گوڵاڵە ڕەزا” بەرپرسی لقی سلێمانی ژیار وتەی بەخێرهاتنی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و گرنگی بابەتەکانی ناو دیدارەکەی خستەڕوو. لە درێژەی دیدارەکەدا، چوار بابەتی زانستی و فیکری لەلایەن ژمارەیەک مامۆستا و پڕۆفیسۆری بەڕێزەوە پێشکەشکران، کە تیشکیان خستە سەر لایەنە جیاوازەکانی مێژووی پڕ سەروەری ئیسلامی و بەراوردیان بە دۆخی ئێستای مسوڵمانان کرد. هەروەها، دوو بابەتی گرنگی ئابووری و سیاسەتی دەوڵەتداری لە ئیسلامدا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا. * بابەتەکانی دیداری سەرلەبەیانی: لە دیداری سەرلەبەیانیدا، دوو بابەتی گرنگ پێشکەشکران: یەکەم: (ئایە مێژوو دووبارە دەبێتەوە؟) لەلایەن بەڕێز: “پ.ی.د. ئیبڕاهیم سەروچاوەیی”. دووەم: (موسوڵمانان لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا.) لەلایەن بەڕێز: “م. مورشید ئەحمەد موستەفا”. *بابەتەکانی دیداری دوانیوەڕۆ: لە دیداری دوانیوەڕۆشدا، دوو بابەتی دیکەی زانستی و فیکری خرانەڕوو: یەکەم: (سیستەمی ئابووری لە دەوڵەتی ئیسلامیدا) لەلایەن بەڕێز: “پ.د. خالید موحەممەد ساڵح”. دووەم: (سیاسەتی دەوڵەتداری لە ئیسلامدا) . لەلایەن بەڕێز: “پ.د. بەختیار نەجمەدین”. شایەنی باسە دیدارەکە کاتژمێر ٣:٠٠ ی ئێوارە بە بەشداری زياتر له (١٢٠) گەنج لە هەردوو ڕەگەز بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات. بەشداربووان سوودی زۆریان لە زانیاری و شیکارییە فیکرییەکان وەرگرت و بە پرسیار و سەرنجەکانیان بابەتەکانیان دەوڵەمەندتر کرد. دیدارەکە وەک هەنگاوێکی سەرکەوتوو بۆ هۆشیارکردنەوەی گەنجان بە مێژوو و ناسنامەی خۆیان هەژمار دەکرێت. لقی سلێمانی ژیار.