جیاوازی وەرگرتنی قسەی فاسق لەنێوان شایەتی و گێڕانەوەی فەرموودەدا.
بەڕێزێك ئەپرسێ: سەبارەت بە ڕاوی فاسیق، واتە لە عیلمی حەدیسدا ئێمە کەسێکمان هەیە ئەڵێین ئەگەر فەرموودە بگێڕێتەوە بەڵام کەسەکە عادل نەبێ حەدیسی لێ وەرناگیرێ، واتە ڕیوایەتەکەی بەزعیف ئەژمار ئەکرێ، بەڵام خوای گەورە دەفەرموێت ﴿إِنْ جَاءَكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَإٍ فَتَبَيَّنُوا ﴾، واتە خوا نافەرموێت ڕەفزی تەواوی قسەکانی بکەن بەڵکوو ئەڵێ لێی بکۆڵنەوە و بە قەرینە، بەڵام بۆچی بۆ حەدیس زانایانی فەرموودە حەدیسی فاسق ڕەفز ئەکەن؟
وەڵام
بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبانەوە سوپاس و ستایش بۆ پەروەردگاری جیهانیان، وە درود و ڕەحمەت بۆ سەر گیانی پاكی پێغەمبەر ﷺ و گشت كەس و یاران و شوێنكەوتوانی بەگشتی. وەڵام: سەبارەت بە پرسیارەكەی بەڕێزتان: لەبەرئەوەی بەڕێزەکەم زانایانی فەرموودە ئەوەندە بە گەورە، بە پیرۆز سەیری فەرموودەی پێغەمبەریان کردووە (ﷺ) وەک قسەی ئیعتیادی خەڵکێک سەیریان نەکردووە، ووتویانە خەڵکی فاسق، خەڵکی درۆزن فەرموودەی پێغەمبەر بگێڕێتەوە، ئەگەر درۆی لێ بینرابێ بەبێ بەدواداچوون قبوڵمان نییە قسەکەی، چونکە ئەمە قسەی مرۆڤێکی ئیعتیادی نییە لێکۆڵینەوە بکەین بزانین ڕاست ئەکا یان درۆ ئەکا ئەوە جیاوازیەکەیەتی، نابێ فەرموودەی پێغەمبەر (ﷺ) وەک قسەی ئاسایی خەڵک سەیر بکرێ، پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرموویەتی: (من كذب علي متعمدا فليتبوأ مقعده من النار)، (هەر کەسێک بە مەبەست درۆ بە دەم منەوە بکا با جێی خۆی لە ئاگردا خۆش بکا)، کەواتە درۆکردن بە دەم پێ پێغەمبەر (ﷺ) وەک درۆکردن بە دەم خەڵکی ئاساییەوە نییە، لەبەرئەوە عولەما لە پێناو بەرز ڕاگرتن، وە لە پێناو تەواو دڵنیابوون لە فەرموودەی پێغەمبەر (ﷺ)، هەر کەسێ درۆی لێ بینرابێ بەبێ بە دواداچوون بۆ فەرموودەکە حەدیسیان لێ وەرنەگرتووە وتویانە ئەم کەسە فاسیقە حەدیسی لێ وەرناگیرێ، ئەوە جیاوازیەکەیەتی بەڕێزەکەم. خوای گەورەش زاناترە
لینک