09/01/2026 - 11:50 AM
4 بینراو

سەفەری ئافرەت بەبێ مەحرەم بۆ حەج و عەمرە.

عبادات

بەڕێزێك دەربارەی سەفەری ئافرەت ئەپرسێ بۆ حەج و عەمرە: ئەگەر مەحرەمی لەگەڵا نەبێ.

وەڵام

حەج و عەمرە بە ئیعتیباری ئەوەی کە فەرزن بەڕێزان عولەما ئاسانکارییان تیا کردووە، وە گوتوویانە ئەگەر ئافرەت بیەوێ سەفەر بکە بۆ حەج و عەمرە ئاساییە بەبێ مەحرەم بە مەرجێک لەگەڵ کۆمەڵێ ئافرەتی ثیقەدا بێ چونکە ئەمە واجبە، لەوانەیە ئافرەتەکە مەحرەمێکی نەبێ، یان مەحرەمێکی دەست نەکەوێ واجبەکەی ئەفەوتێ، بەڵام بۆ غەیری ئەمە ڕێگەیان نەداوە بەوەی کە ئافرەت سەفەر بکا. لە فەرموودەیەکدا کە پێغەمبەری خوا (ﷺ) تەبعەن وازیحە کە ئەفەرمووێ (لا تسافر المرءة إلا مع ذي محرم)، ئەفەرموون: هەموو جارێکیان پیاوێک ئەگاتە خزمەتی گوتی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) من خێزانەکەم ئەچێ بۆ حەج، ئەڕوا بۆ حەج، منیش ناوم دەرچووە کە لەگەڵ جەنابت بێم بۆ غەزا، چی بکەم؟ پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی (انطلق فحج مع امرأتك)، فەرمووی: (بڕۆ لەگەڵ خێزانەکەی خۆت حەج بکە)، واتە مەیە بۆ غەزا. پێغەمبەری خوا (ﷺ) لەم فەرموودەیەدا نەیپرسیووە خێزانەکەی تۆ گەنجە، پیرە، جوانە، ناشیرینە، فەرموویەتی "بڕۆ لەگەڵ ئەو حەج بکە". کەواتە ئێمە ئەڵێین پێغەمبەری خوا (ﷺ) نەهی کردووە لەم جۆرە سەفەرانە وە ئەمری بە کابراش کردووە کە بچێ لەگەڵ خێزانەکەی خۆی حەج بکا، بەڵام ئێمە گوتومانە بۆ سەفەری حەج لەگەڵ عەمرە کە ئەم دووانە (هەندێک لە عولەما لەگەڵ ئەوەن کە عەمرەیش واجبە)، عولەما ئەفەرموون ئاسانکاری تیا ئەکرێ، بەڵام بۆ غەیری ئەوە ئاسانکاری تیا ناکرێ، وە ئافرەت ناتوانێ سەفەر بکا بە بێ مەحرەم بە تایبەتی ئەگەر سەفەرەکە لە مەسافەی شەو و ڕۆژێک زیاتر بو خوای گەورەش زاناتره

لینک