سەردانیکەر: 5,733,113
لە نێوان ئەو ژەهرەی بە ئێوە دراوە وئەو ژەهرەی ئێوە بە ئێمەتان داوە: 1- ئەو ژەهرەی بەئێوە دراوە گوایە ماوەی سێ مانگە پێتان دراوە، بەڵام ئەو ژەهرەی ئێوە بەئێمەتان داوە ماوەی سی ساڵە و هێشتایش بەردەوامی هەیە و ڕۆژانە هەست بە تاڵاوەکەی دەکەین. 2- ئەو ژەهرەی بەئێوە دراوە دەڵێن سێ جۆرە، بەڵآم ئەو ژەهرەی ئێوە بەئێمەتان داوە سەدەها جۆرە وئاین وئەخلاق و ئابوری وئاسایش و ئایندەی خۆمان و نەوەکانیشمانی گرتۆتەوە. 3- ئەو ژەهرەی بە ئێوە دراوە لێی دەرباز بوون وچاک بونەتەوە، بەڵام ئەو ژەهرەی ئێوە بە ئێمەتان داوە جەستەی کۆمەڵگەی داڕزندوە وسەرجەم جومگەکانی لێک ترازاندوە و بەشێوەیک کاری تێ کردوین کە دانیشتوانی ئەم هەرێمە مەرگ و ئاوارەیی ودەربەدەرییان پێ گونجاو ترە لەمانەوە لەسایەی دەسەڵاتە گەندەڵە ژەهراوییەکەی ئێوەدا. 4- ئەو ژەهرەی بەئێوە دراوە بە زووی بەدەمییەوە چوون بەپارەی ئێمە و لەباشترین شوێنی دونیا چارەسەرتان بۆ کراوە، بەڵام ئەو ژەهرەی ئێوە بەئێمەتان داوە دەرفەتی دەربازبوونی بۆ نەهێشتوینەتەوە وچۆن وبەچی ولەکوێ چارەسەری ئەم هەموو قەیرانە دەکرێت کە ئێوە بەسەر ئێمەتان هێناوە. 5- ئەو ژەهرەی بەئێوە دراوە لەگەڵ کەمی ماوە و ڕێژەکەی هەڵایەکی گەورەتان بۆ ناوەتەوە، بەڵام ئەو ژەهرەی بە ئێمەتان داوە سەرەڕای زۆری ماوەکەی و فرە ڕەهەندییەکەی بەبێ دەنگی بێ هیوامان دەکات ودەمان کوژێت وئەگەر ڕۆژێک هاوارێکیش بۆ لایەک بەرین بۆ چارەسەر بەوە تۆمتبارمان دەکەن کە لەخۆشیا هاربووین و هاوار دەکەین ودەمانەوێت سومعەی بکوژەکانمان لەکەدار بکەین.
کۆچی ئێوە و پێداگریتان لەمانەوە لەو دۆخە سەختەدا ئاشکرای کرد: - ئەو دۆخەی ئەم میللەتە بەشمەینەتە پێیدا گوزەر دەکات چەندە سەخت ودژوارە وچۆن میللەت بەشێوەیەک بێ هیوا کراوە کە نەوەکانی مەرگی بەردەرگای خەڵکی لەمانەوە لە نیشتیمانەکەی خۆیدا پێ باشترە. - دەسەڵآتدارانی ئەم هەرێمە چەندە بێ باک و بێ منەتن لەو خاک و خەڵکە و تەنها بۆ بەرەکانی جەنگ و سندوقەکانی دەنگدان میللەتیان بیر دێتەوە و ئێستایش لەبری دان نان بەهەڵەکانی خۆیاندا و بەڵێنی پێداچونەوە بەسیاسەتە چەوتەکانیاندا بەرپرسانیان بەردەوامن لە درۆو چەواشەکاری و بەخشینەوەی تۆمەت بەسەر کۆچبەراندا. - شتێک نییە لە فەرهەنگی وڵاتان وڕێکخراوەکانی بە ناو مافی مرۆڤدا ناوی ماف و دادپەروەی بێت ئەگینا چۆن دەتوانن بێ دەنگ و بێ هەڵوێست بن لەئاست ئەو ئازار و نەهامەتییانەی ئێوەدا، لە کاتێکدا من دڵنیام ئەگەر ئێوە کورد نەبونایە بەڵکو هەر زیندەوەرێکی تر بوونایە و ئاوها گەمارۆ بدرانایە لەو دۆخە سەختەدا ئێستا دەیەها دەوڵەت و ڕێکخراوی نێو دەوڵەتی لەسەرتان هاتبوە دەنگ ودونیایان لەسەر دەورژاندن؛ بەڵام پێ دەچێت کورد بوون بۆ خۆی تاوان بێت بۆیە بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ نەهامەتییەکانمان دەکەن. پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح